ئایین و توندوتیژی
ڕیشەی داعش و هاوشێوەکانی لە ئیسلامدا
عومەر عەبدولغەفوور
ئەم لێکۆڵینەوەیە کە بەرهەمی تەمەنێکە لە خوێندنەوە و ڕامانی لە نزیکەوە لە ئایین و دەرکەوتەکانی، هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی ئەو پەیوەندییە و هەندێک لە بابەتەکانی پەیوەست بە مەسەلەی توندوتیژیی ئایینی. زۆر کەس دەپرسن ئایا ئیسلام ئایینێکی دیموکراسییە؟ یاخود ئایا لەگەڵ دیموکراسی هەڵدەکات؟ ڕاستییەکەی دەبێت پرسیارەکە ئەوە بێت: ئاخۆ مرۆڤەکانی شوێنکەوتەی ئەو ئایینە دیموکراسین و دیموکراسییان دەوێت یان نا، چونکە ئەگەر ئەوان بە قەناعەتی دڵیان دیموکراتخواز بن وەها لە ئایینەکەش دەکەن، نەک دیموکراسی قەبووڵ بێت، بگرە بشبێتە داینەمۆی ڕۆحی و مەعریفی و کۆمەڵایەتی بۆی. ئەم کتێبە چەندین باس و بابەتی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە: سەرهەڵدانی داعش و ڕاگەیاندنی خەلافەت، هەڵوێستی داعش بەرامبەر کوردستان، داعش و ئایین، جیهاد لە ئیسلامدا، قۆناغەکانی فەرزکردنی جیهاد، جیهاد بۆ بەرگرییە یان هێرش؟ ئیسلامییەکانی کوردستان و شەڕی داعش. لەگەڵ چەندین بابەتی دیکە.