ئه‌نوه‌ر حسێن (بازگر)
سه‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانوت و چاوهڕوانمانكردو گۆڕانه‌كان بیریان لێ نه‌كردبووه‌وه، سه‌ركردایه‌تی گۆڕان به‌بێ گوێدانه خواستی لایه‌نگرانی كه چه‌ند ساڵه سه‌رمه‌ستی كردبوون، به‌دژی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و سه‌رۆكی هه‌رێمی ماوه‌به‌سه‌رچوو، حكومه‌تی گه‌نده‌ڵ به ته‌نها له‌به‌ر خواست و به‌رژه‌وه‌ندی باڵی به‌رژه‌وه‌ندخوازی ناو گۆڕان، گوێیان له هه‌مووی خه‌واندو ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیانبوو، كردیان.
بیریان چوو، ئه‌و چوار ساڵه ماشێنی ڕاگه‌یاندنی ئه‌وان به دژایه‌تی پارتی و حكومه‌ت، خه‌ڵكی چه‌واشه ده‌كات و وه‌زاره‌تی نه‌وتی به ناشه‌فاف و دز، ناوزه‌ند ده‌كرد، كه كه‌یسی نه‌وت شه‌فاف نییه‌و، وه‌زیری نه‌وت، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له جانتاكهیداو كه‌س نازانێت چه‌ند گرێبه‌ستی كردووه‌و چه‌ندی شیرینی ئه‌و گرێبه‌ستانه وه‌رگرتووه‌و كه‌س نازانێت پاره‌كه‌ی بۆ كوێ ده‌به‌ن...؟!
به‌ڵام بینیتان، گۆڕان بۆ مزایهدهش داوای ئه‌م وه‌زاره‌ته گرنگه‌ی نه‌كرد، به‌ڵكو باسی بریكارهكهشی له پارتی نه‌كرد.
له وه‌رگرتنی وه‌زاره‌ته‌كانی تریش، گۆڕان ئه‌وه‌ی چوار ساڵه به پله‌ی یه‌كه‌م ڕه‌خنه‌ی لێی هه‌یه، وه‌زاره‌ته خزمه‌تگوزارییه‌كانن، كه كاره‌با نییه، ئاو نییه، شاره‌وانی خراپه، ئه‌ی خه‌ڵكی گۆڕان له سه‌ركرده بهرژهوهندیخوازهكانیان ناپرسێت، بۆچی، به‌لای ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌دا نه‌چوون، چونكه میزانیه‌و بودجه‌كه‌یان كه‌مه..؟ فه‌رمانبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ریان كه‌مه؟ یان وه‌زاره‌تی پڕ ئیمتیاز نین...؟!
یان ده‌یانه‌وێت بڵێن، ده‌مانه‌وێت هێزی پێشمه‌رگه بكه‌ینه نیشتمانی، خۆ خه‌ڵكی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه هێشتا قسه‌كانی ئه‌وانیان بیرنه‌چووه‌ته‌وه كه به پێشمه‌رگه‌یان ده‌وت "میلیشیا"، ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌یان بۆ كه‌ركوك به "سیناریۆ" ناوده‌برد، ئه‌ی بۆچی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان وه‌رگرت، كه دیاره ده‌یانه‌وێت گۆڕانه، مۆدێرنه بێ چه‌كه‌كه‌یان، چه‌كدار بكه‌ن و خۆیان ئاماده بكه‌ن له هێزی مه‌ده‌نییه‌وه ببنه هێزی چه‌كدار.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه، ئێستا كه له‌گه‌ڵ پارتی ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر حكومه‌ت، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت باڵی به‌رژه‌وه‌ندیخواز، وه‌زاره‌ته‌كان وه‌ربگرن، كێشه‌یان بۆ دروستبووه، ناچار ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه كه (500) پۆست وه‌رده‌گرن، با زیزبووهكانیان سیڤی پڕبكه‌نه‌وه بۆ پۆسته‌كانی خواره‌وه.
ئه‌م ئاماژه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی كه گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی خواره‌وه‌ش ڕێككه‌وتووه، به‌ڵام پێی ئاسایی نه‌بووه كه باسی بكات، چونكه ده‌زانێت كه له‌م كاره‌دا چه‌ند ئیحراج بوو به‌رامبه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی ئه‌و باڵه‌ی كه هه‌موو چوار ساڵی ڕابردوویان به دژایه‌تی یه‌كێتیی و پارتی بردووه‌ته‌سه‌ر و خه‌ڵكیان بۆ جۆشداوه، ئێستا چۆن وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه، به خه‌ڵكی خۆیان ، به خه‌ڵكی كوردستان، كه ئه‌وه چی ڕوویداوه، گۆڕان وا سه‌دو هه‌شتا پلهیانداوهتهوه، ئایا پارتی هیچ ئاڵوگۆڕێكی به‌سه‌ردا هاتووه؟ كه بێگومان نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه گۆڕاوه ته‌نها گۆڕانه...؟
ته‌نانه‌ت له شارێكی وه‌كو كه‌ركوكیش، ڕێك تێكه‌ڵی ئه‌و ئه‌جێندایه بووه‌و كاری بۆ ده‌كات كه دژی پارێزگاری ئه‌و شاره به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئێستا ڕوونه كه گۆڕان له‌پاڵ ئه‌و ئهجێندایهدایه كه توركیا له ناوچه‌كه به‌ڕێوه‌ی ده‌بات له (نه‌وت، دژایه‌تی كورده‌كانی باكوور و ڕۆژئاوا)، ئه‌وه هیچ كه پێشتر هه‌ڵوێستی خۆیان دژی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ربڕی و دژایه‌تیان كردن.
بۆیه گۆڕان، باجی ئه‌م بادانه‌وه‌یه ده‌دات، چونكه لایه‌نگرانی گۆڕان ئێستا تێگه‌یشتن كه چه‌ند ساڵه چه‌واشه‌یان كردوون كه خۆیان به ته‌نها ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست، كه‌چی ده‌ركه‌وت كه گۆڕان ڕازی بووه هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ پارتی بكات بۆ دژایه‌تی یه‌كێتیی.
ڕازی بووه ده‌ست له یه‌كگرتوویی هاوپه‌یمانی ئۆپۆزسیۆن و كۆمه‌ڵیش هه‌ڵبگرێت كه به سه‌ریدا سه‌پێنرابوو ئه‌مكاره بكات.
ڕازیبووه، ئیتر باسی نه‌وت، میلیشیا، دیكتاتۆر، چه‌مكی ماوه‌به‌سه‌رچوو، حه‌ڤده‌ی شوبات و گه‌نده‌ڵی نه‌كات، بۆیه گۆڕان بزانێت یان نا، باجی ئه‌م بادانهوهو سیاسه‌ته چه‌واشه‌كارییانه ده‌دات، دڵنیام لایه‌نگرانی سزای ده‌ده‌ن و ده‌نگی پێ ناده‌ن.