کتێبەکانی ئەنوەر حسێن (بازگر)
سلێمانی پاڵاس
  

وتیان، ڕۆژێك كابرایەك چوەتە ئوتێل (سلێمانی پاڵاس) خۆی كردوە بە ژووردا وتوویەتی؛ دەچمە سەرەوە، بەڵام سەركار و كرێكاران ڕێگرییان كردوە و نەیان هێشتوە بچێتە سەرەوە.

پێیان وتوە؛ كاكی برا، خۆت دەزانی ئێستا خەریكی نوێكردنەوەین و كرێكار لە سەرەوە خەریكی كاركردنن، پاشان چ كارێكت هەیە، دەچیتە سەرەوە!؟

- كابرایش وەڵامی دابوونەوە؛ كاكە دەمەوێت، بچم لە ناویدا تێر بگەڕێم.!

گەر هەر ڕێگایشم نادەن، لێپرسراوەكەتان ئاگادار بكەن و ڕەزامەندیی ئەو وەربگرن، پاشان دەچم.

-كرێكار و سەركارەكان، پێیان وتبوو؛ ئەرێ‌ كاكە تۆ تێكچوویت؟ چیت دەوێت، دەبڕۆ ئێخەمان بەردە!

-براكەم وەڵڵا نە تێكچووم، نە شێتم! تەنها ئارەزوویەكی تایبەتی خۆمە و گەر ڕێگام بدەن مەمنوون دەبم، ئەگەر نا قسەیەكی ترم هەیە و دوعایەك دەكەم!

-هەر چی چۆنێك بێت ڕێگایان پێ نەدابوو، كابرا بچێتە سەرەوە.! لێی دابوو ڕۆیشتبوو، خوا هەڵناگرێت ئەو شوێنە تایبەتییانە، جێگای هەژار و فەقیر نییە، بگرە ڕەنگە مووچەی مانگێكی مامۆستایەك و فەرمانبەرێك تەنها شەوێكی ئەو شوێنە گەورانە دەرنەكات.

بۆیە تەنها دەمێنێتەوە بۆ لێپرسراوان، كە خوا هەڵناگرێ‌ بەس قابیلی ئەوانە!

كەسێك لە مونەزەمە بێت، یان لە ئەورووپا بێتەوە، یان سیاسەتمەدارێك لە شوێنێكەوە بێت و لە سەر حسابی حیزب مانگێك بخوات، یان... هتد.

لە لایەكی تریشەوە پیاو بە ویژدان بێت، ئەو پارەیە، ڕەنگە هێشتا كەم بێت! ئاخر بڵێن بۆ..؟

-كارەبا، بیستوچوار سەعات هەیە، ماشاڵڵا دەڵێی پاریسە و چراخانە و مەگەر كارەبای بازیان و باینجان وا ڕێكوپێك بێت، هەر بۆ تاقیكردنەوە لە شەوێكدا كە گڵۆپێك لە شاردا ناسووتێت، سەیرێكی سلێمانی پاڵاس بكە، بڕواتان بێت ڕەنگە بەشی (740) ماڵ كارەبا خەرج بكات، بە بێ‌ ئەوەی سەری مانگ یەك وەسڵیشی بۆ بێتەوە! ئاخر ئەمە حیكمەتە.

-ئاو، بە سانیە بڕینی نییە و هەر نەفەرێك دەتوانێت ڕۆژانە تا تەنكەرێك ئاو خەرج بكات. بەبێ‌ وەسڵ و پسوڵەی فەرمانگەی ئاو.

-خواردن و خواردنەوە بێ‌ وێنەیە وەكوو دەڵێن: شانلەشانی ئوتێلەكانی واشنتۆن و لەندەن و ئەنقەرە دەدات!

-تەسهیلات و ئاسانكاری بۆ نهۆمەكان لە ڕێگای مەسعەدەوە مەگەر هەر لە نەخۆشخانەكانی فێركاری و منداڵان هەبێت!

شەوانە ماشەڵڵا دەڵێی پێشانگای ئوتومبێلە، ئەوەندە ئوتومبێلی سپۆرت و كەشخەی لێ وەستاوە، پیاو سەری لە جۆر و مۆدێلیان دەرناكات!

*ئەو ڕۆژەی كابرای ئینكار، ڕێگای نەدرابوو، بچێتە سەرەوە بە كرێكار و سەركارەكانی وتبوو! وا دەزانن من شێت بووم ‌و تێكچووم، بەڵام من تەنها هاتووم، بە ئارەزووی خۆم بە ناو ئوتێلەكەدا بگەڕێم، تا بەتەواوی نوێ‌ نەكراوەتەوە، چونكە دوایی دەزانم نەك ناتوانم پێی دا بگەڕێم، ڕەنگە نەتوانم لە دووریش سەیری بكەم!

بەڵام با یەك قسەیشتان پێ بڵێم؛

(بە سەری خۆتان ئێوەیش، ئەگەر ئەمڕۆ، نەچن تێر بە ناویدا بگەڕێن، سبەینێ‌ بە دەردی من دەچن، بۆتان نییە پێ‌ بخەنە ناوی!)

دوایییش گوتبووی:

من دوعایەك دەكەم، ئێوەیش بڵێن ئامین، گوتبووی:

(سەد خۆزگە، بەو كاتەی ئاوارەكانی كەركووكی تێدا بوون!)

-بۆیە ئێستا كرێكار و سەركارەكان، تێگەییشتن، كە كابرا، چەند عاقڵ و زیرەك بوو بیری لە چی كردوەتەوە!

بەڵام تازە، ئەوەی ڕۆیشت ناگەڕێتەوە!

تەنها ئەوە نەبێت!

لەگەڵ دووعاكەی كابرا بڵێین (ئامین، یاڕەبلعالەمین!)


  ژماره‌ی بینین:  706
  به‌روار:  09/01/2021
بابه‌تی زیاتر...
ناونیشان
بینین
ئیکۆلۆژیا 121
A 1075
سلێمانی پاڵاس 706
ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان٢٠٠٨ - ٢٠١٨ 1564
بیبلۆگرافیای بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا ٢٠٠٤ - ٢٠١٩ 2299
فاکت 2025
داعش و میلیشیاکان 1693
هەرێمی کوردستان و ململانێ ناوچەییەکان 1793
لەزڕگوێزەوە بۆ ئۆکرانیا 2076
په‌ڕه‌یله‌ 7
ژماره‌ی بابه‌ت
[email protected]
Anwar Hussen
Anwar Hussen
Anwar Hussen_bazgr
Anwar Hussen bazgr
Anwar Hussen bazgr
009647701535029